جوبرەئیل (فریشتە)

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-05-24-19:10:00 - کۆدی بابەت: 8779
جوبرەئیل (فریشتە)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جوبرەئیل یان جوبرائیل (بە عیبری: גַּבְרִיאֵל، بە عەرەبی: جبريل، بە ئینگلیزی: Gabriel). یەکێکە لە فریشتەکانی خوا و ناسراوترینیانە. بە گەورەی فریشتەکان دادەنرێت و ئەو فریشتەیە کە سروش و نوێترین زانیارییەکانی لەلای خواوە بە پێغەمبەران گەیاندووە. ئەو کەسەیە کە لە ئەشکەوتی حەرائـ پێغەمبەر محەمەد (ﷺ) دەبینێت و قورئانی پیرۆزی پێ دەگەیەنێت. بەپێی ئینجیلی لوقا جوبرەئیل ئەو فریشتەیە کە موژدەی لەدایکبوونی یەحیای بە پێغەمبەر زەکەریا (ﷺ) و موژدەی لەدایکبوونی پێغەمبەر عیسای بە مەریەمی پاکیزە داوە. 

ناوەکەی

ناوی جوبرەئیل لە زاری بوخارییەوە دەوترێت واتای "بەندەی خوا" دەگەیەنێت. بە زمانی عیبری و ئارامی بریتییە لە "پیاوی خودا"، "هێزی خودا"، یان "بەهێزیی خودا". بە واتایەکی تر ئەو فریشتەیە کە گەورەترین هێزەکانی خوای تێدا نیشان دراوە.

هەروەها بە ڕوحولئەمین (الروح الأمین)، ڕۆحی فەرمانی خوا (روح من أمر الله)، ڕۆحی پیرۆز (الروح القُدس) دەناسرێت.

جوبرەئیل ئەو فریشتەیە کە پەیامی پێغەمبەران دەگەیەنێت، لە ڕۆژی ڕووبەڕووبوونەوەی مووسا لەگەڵ جادووگەرەکانی فیرعەون مووسا دەبینێت و هانی دەدات لە ئاهەنگی ڕۆژی زینەدا (يوم الزينة)، هەروەها دواتریش موژدەی بەهەشت بەو جادووگەرانە دا کە بە فرمانی فیرعەون هەڵواسران تاوەکوو مردن و پێی وتن "دیدارتان لە ئاسمان دەبێت". لە ڕۆژی پەڕینەوەی مووسا و گەلەکەی لە دەریا لەگەڵیان دەبێت. 

لە قورئاندا هاتووە ئەو کەسە کە موژدەی لەدایکبوونی پێغەمبەر عیسای بە مەریەمی پاکیزە بەخشیووە، وەک چۆن لە سوورەتی نەحلدا هاتووە "قُلْ نَزَّلَهُ رُوحُ الْقُدُسِ مِنْ رَبِّكَ بِالْحَقِّ لِيُثَبِّتَ الَّذِينَ آمَنُوا وَهُدًى وَبُشْرَى لِلْمُسْلِمِينَ". 

ئەگەر خوای گەورە کەسێکی خۆشبوێت، بە جوبرەئیل دەفەرموێت کە ئەویش خۆشی بوێت، ئەویش بە هەمووان دەڵێت فڵانتان خۆشبوێت چونکە خوای گەورە فەرمانی بە خۆشویستنی کردووە.

جوبرەئیل و پێغەمبەر محەمەد ()

  • موسلیم لە سەحیحەکەیدا لە زاری ئەنەسی کوڕی مالیکەوە دەیگێڕێتەوە: یەکەم دیداری نێوانیان لە بیابانی بەنی سەعد بوو، ئەو کاتەی تەمەنی چوار ساڵ بوو. لە کاتێکدا کە یاری لەگەڵ هاوتەمەنەکانی دەکرد، جوبرەئیل دێیتە لای و دەیبات و دەیخاتە خوارەوە و دواتر سنگی دەدڕێت و دڵی خاوێن دەکاتەوە. موسلیم لە سەحیحەکەیدا لە زاری ئەنەسی کوڕی مالیکەوە دەیگێڕێتەوە.
  • جاری دووەم لە ئەشکەوتی حەڕائـ یەک دەبینن و جوبرەئیل بە پێغەمبەر دەفەرموێت "بخوێنە"، ئەمەش یەکەمین ئایەتی قورئانی پیرۆزە و بەدرێژایی ژیانی پێغەمبەر، تەنیا جوبرەئیل قورئانی پێ دەگەیەنێت. کە پێغەمبەر دەفەرموێت هەندێک جار وەک پیاوێک دەردەکەوت و ئایەتەکانی پێ دەگەیاندم.
  • لە شەڕی بەدر و خەندەقدا دەردەکەوێت و یارمەتی پێغەمبەر دەدات.
  • هەموو نوێژەکانی لە کاتە جیاوازەکانیاندا لەگەڵ پێغەمبەر کردووە بۆ ئەوەی فێری بکات و کاتەکانی فێر بکات.
  • لە ڕووداوی ئیسرا و میعراجدا، جوبرەئیل لە شێوەی بوڕاق دەردەکەوێت و پێغەمبەر لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێت و دەیبات بەرەو ئاسمانەکان.
  • جارێکیش لە شێوەی هاوەڵ دەحیە کەلبی دەردەکەوێت و کۆمەڵێک پرسیار لە پێغەمبەری خوا کرد و ئەویش وەڵامی دایەوە، ئەمەش بۆ بەخشینی زانیاری بە موسوڵمانان.
  • عائیشە (ڕەزای خوای لێبێت) گوتوویەتی بە پێغەمبەر (ﷺ): “ئایا ڕۆژێك هاتووە بەسەرتدا كە لە ڕۆژی جەنگی ئوحود گرانتر بێت؟” پێغەمبەر (ﷺ) فەرمووی: “لە هۆزەكەتەوە ئەوەم بەسەرهات كە بەسەرم هات، ناخۆشترین ڕۆژ كە بەهۆی ئەوانەوە بەسەرم هاتبێت ڕۆژی عەقەبە بوو كە بانگەوازەكەی خۆم خستەڕوو بۆ ئیبن عەبدكولال كەچی بەو شێوەيەی كە دەمویست وەڵامی نەدامەوە، ئیتر هاتم بەڕێدا و لە خەیاڵی خۆمدا نوقم بووم، كاتێ بەئاگا هاتمەوە لە (قرن الثعالب)ـدا بووم، ئینجا سەرم بەرزكردەوە هەورێكم بینی سێبەری بۆ كردبووم كە سەیرم كرد جوبرەئیلی تێدا بوو، بانگی كردم و وتی خوای گەورە گوێبیستی قسەی هۆزەكەت و وەڵامەكەیان بوو، ئەوەتا فریشتەی چیای ناردووە بۆلات بۆ ئەوەی فەرمانی پێ بكەیت كە دەتەوێت چییان لێ بكەیت.

تایبەتمەندییەکانی

  • خاوەنی ٦٠٠ باڵە کە لەگەڵ ڕاوەشاندنیان گەوهەر و یاقووت و جوانی لێ دەبارێت.
  • بەڕێزترین فریشتەیە لەلای خوای گەورە و زۆرترین خزمەتکارە.
  • بەو هێزەی کە خودا پێی بەخشیووە، ئەو سروشەی پاراست کە ئەرکی گەیاندنی پێ سپێردرابوو و نەیهێشت هیچ ئەهریمەن و جنۆکەیەک بیگۆڕێت یان چەواشەی بکات. هەروەها توانای جێبەجێکردنی فەرمانەکانی خوای بە شێوەیەکی زۆر باش و پارێزراوی هەیە، بە هێز و متمانەوە جێبەجێی دەکات. 
  • لە نزیکترین فریشتەکانە لە خوا و بەڕێزترینیانە.
  • لە شەوانی قەدردا لە زەوی نزیک دەبێتەوە.
  • کۆمەڵێک فریشتەی هەیە گوێڕایەڵن بۆی و پاڵپشتی دەکەن و قسە و فەرمانەکانی جێبەجێ دەکەن.


سەرچاوەکان



1937 بینین